کێشە و رێگەکانی چارەسەر
کێشە و سترێس

2024-05-11

دونیا پڕ لە کێشەیە، هەڵسوکەوت لەگەڵ کێشەکاندا هەندێک کەس پوختە ئەکات وهەندێک کەسیش لەبن دەردێنێت و هەندێک کەسیش راو ئەکات.

هەر کەسێک بە ئەندازەی کێشەیەک کە هەیەتی و بەئەندازی هەوڵ تەقەلایەک کە بەرامبەر بە کێشەکەی دەیدات ژیانی لە جوڵەدایە ئەوەی کە هیچ کێشەیەکی نییە و هیچ هەوڵێک نادات بێهۆشە یان مردووە.

کەوایە دەرکی کێشە نیشانەی زیندوبوونە، بەرامبەر بوون لەگەڵ کێشەکاندا دەبێتەجموجۆڵ و جوڵە کردنیش بەرەو ئامانج نیشانەی ژیانە و بەرەو پێشچونەکەیش نیشانەى سەرکەوتنە.

کێشەکان هەمەچەشنەن.

زۆرێک لە کێشەکان بە تەنیایی ئەتوانین چارەسەریان بکەین زۆرێکیشان سەختن و ئێمە ‌بە تەنیایی چاریان ناکەین .

زۆرێکمان کاتێک کێشەیەک ڕوومان تێدەکات ڕەنگە بە تەنیایی بەرامبەریی لەگەڵدا بکەین یان داوای یارمەتی بکەین لە کەسێک یان لەوانەیە کەسێک خۆی یارمەتیمان بدات و سەرکەوین  هەندێک کاتیش ڕەنگە تووشی شکست ببین و شکستەکەش ببێتە هۆی ڕاکردنی کۆتا جارمان.

زۆرێکیشمان ئەڵێین ئەم شکستە تەجروبەیەکە و بەم شێوە ئێمە ئەبینە خاوەنی تەجروبە و ئەزموون.

دیارە بۆچونکەکانی ئێمە هەمەچەشنەن بۆیە ڕەوتی ئێمە لە بەرامبەر بوونماندا لەگەڵ کێشەکاندا جیاوازە 

وەک دەڵێن: چۆن بیر دەکەیتەوە بەوجۆرە دەژیت.

چیرۆکی کچێک دەگێڕنەوە کە کێشەیەک وای لێکردبوو کە تاقەت و سەبری نەمێنێت و ئەوەندە تووڕە و نیگەران بوو بوو ،کە نائومێدی وای لێبکات لەدایک و باوک و براو خوشکیشی داوای یارمەتی نەکات، نەک تاقەتی قسەکردنیشی لەگەڵیاندا نەبێت بەڵکو کێشەکەی خۆشی لە چاوی ئەوانەوە تەماشا دەکرد و وای دەزانی ئەوان تووشی گێچەڵیان کردووە.

جا مرۆڤ کە توڕە و نیگەران بوو لەوانەیە کێشەی جێگایەکی تر بەسەر کەسێکی تردا خاڵی بکات ئەها دەڵێن:

گا زەوی سەخت لە چاوی گاکەی تردا دەبینێ!

ئەم کچە زۆر توڕە بوو بەڵام دایکی زۆر بە ئەزموون بوو دەیزانی چۆن ساردی بکاتەوە ماوەیەک هیچی نەوت تا کچەکەی  کەمێک هاتەوە سەرخۆی جا وتی: ڕۆڵە گیان وەرە یارمەتیم بدە تا کێکێک دروست بکەین.

دایکی بەم شێوەیە دەیویست سەرگەرمی بکات و شتەکەی لە بیرباتەوە تا ساردبێتەوەو بە ئارامی وانەیەکی تازەی فێربکات وەکو چۆن بەبەخێوکردن وپێدانی خواردن بە منداڵەکەی لەشی گەورە دەکات لە دڵ و مێشکیشدا هەنگاو بە هەنگاو بیباتە پێشەوە.

دایکی بانگی کردو بردیە چێشتخانەو دەستیان کرد بە کێک دروست کردن ئەیزانی کچەکەی بێ سەبرە زۆر حەزی لە کێکە، دایکە دەستی کرد بە حازرکردنی پێداویستیەکانی دروستکردنی کێکەکە.

 

 -کچەکەی ئەیوت: خێراکە، زووکە دەی دروستی بکە  دڵم دەرهات!

 -وتی: ڕۆڵە گیان زوو دروستی ئەکەم  زووتر لە کاتی جاران.

ئەو قاپە بێنە قاپێکی هێناو دوو هێڵکەی تێشکاند و نایە بەردەستی و وتی: ئەوەتا بیخۆ.

 -وتی : دایە ئەمە هێلکەیە! ئەمە خۆ کێک نییە ! 

 -وتی: دەی باشە ئێستا دەیکەمە کێک بۆت .

کەمێک ئاردیشی کردە سەریا بۆی . 

 -وتی: دایە ئەمە گاڵتەم پێ ئەکەی! ؟کێک چۆن وا دروست ئەکرێت!؟

 -وتی: ڕۆڵەگیان پەلە مەکە ئێستا کەمێک شەکریش ئەکەم بەسەریدا بۆت.

کەمێک شەکری کرد بەسەریدا بۆی و کچەکە خەریکبوو توڕەبێت.

 -دایکی وتی: رۆڵەگیان توڕە مەبە، دەزانین کێک ئەگەر هەموو شتێکی کرابێت تا نەبرژێت نابێتە کێک.

بۆ برژدانیشی ئارامت نەبێت نابێتە کێکیک کە بتوانیت بیخۆیت .

زۆرێک لە کێشەکانیش تا ئارامییان لەگەڵدا نەبێت و مودارایان لەگەڵدا نەکەیت تۆ پوختە ناکەنەوە.

 زۆرێک لەو کێشانە ئەمڕۆ کە دێنە پێشەوەو تۆ لێیان ڕائەکەیت وەکو ئەو هێلکە و ئارد و ڕۆن شەکرەیە کە تێکەڵاویان ئەکەین ئەگەر نەیخەینە ‌نێو فڕنەوە هەرگیز نابێتە کێکێک بە کەڵکی خواردن بێت.

هەڵکردن لەگەڵ کێشەکاندا و سەبرگرتن لەسەر ناخۆشیەکانیش لانیکەم ئەگەر هیچ بەرهەمێکی نەبێت ئەو بەرهەمە‌ی هەیە کە ئێمە پوختە ئەکاتەوە.

هەندێک لە کێشەکان پێویستە سەبریان لەسەر ڕاگری تا کات تێپەڕبێت وەک چۆن شیرە کە هەوێنت تێکرد ئەبێ سەبری لەسەر بگری تا بە ئارامی و بێ جووڵە بوەستێ ببێ بە ماست تا دووەم کەرە و کەشخ و ڕوونی لێ بەرهەم بێ جا ئەگەر سەبرت نەبێ و هەموو کات سەری شیرەکە لادەی و کەوچکێکی تیا بادەی تا بزانی ماستیوە ئەوا نەک ڕۆن و کەرە و دۆ و کەشک بەڵکوو ماست و تەنانەت شیرەکەشت نابێ بۆیە دەڵێن سەبر نەگرت تاڵیش بێت سەبر ئەگەر تاڵیش بێت بەری شیرینە.