خۆسازی

2024-12-27
مرۆڤ بوونەوەرێکی (خودئاگاهە) یانی لەخۆی خەبەری هەیە،خەبەری هەیە لە ئامانجەکانی و لە نزیک و دوور کەوتنەوە لە مەبەستەکانی ،ئاگاداری خۆیەتی مرۆڤ دەبێت چاودێری ئامانجەکانی خۆی بێت چاودێری رێگەیەک بێت کە بەسەریدا ئەڕوات تا بزانێت نزیک دەبێتەوە یان دوور دەکەوێتەوە.
ئەگەر مرۆڤێک لەمە خەبەری نەبێت هەرچەند مرۆڤـ بێت پلەی زانیاری و وریایی لە نزمیدایە.
وەک مەڕێکە شوانێک دەیبات و دەیدا بە بزگیرێک (چێودارێك) و ئەویش ئەیدا بەقەسابێک بێ ئەوەی مەڕەکە لەم مامەڵە تێبگات وبزانێت ،کەوا نزیک بۆتەوە لە سەر بڕین و هەر خەریکی لەوەڕینە.
-یاخود وەکو ئۆتۆمبێلێکە شوفێرێک لێیدەخوڕێت و نازانێت بۆ کوێی دەبەن و بۆچی بەکاری دێنن ئەم بابەتە ئەو کابرایەی بیرهێنامەوە کە چووبووە ترمیناڵێک (گەراجێك) و وتبووی:
کاکە بمبەن بۆ جێگەیەک!
-وتیان: بۆ کوێ؟
-وتی:نازانم.
-وتیان : دەی کاکە گیان مادام وایە بڕۆوە بۆ ماڵ با هەر هیچ نەبێت دوور نەکەویتەوە.
کەسێک نەزانێت مەقسەدی سەفەرەکەی کوێیە سەفەرەکەی بەتاڵە، چونکە ڕەنگە دوایی کەزانی دوور کەوتبێتەوە
کەوابوو مرۆڤ دەبێت وریای خۆی بێت وریای ئامانج و جوڵەکانی سەر ڕێگەی ئامانجەکەی بێت.
ئەگەر ئەمەی کرد خەریکە دەستگیری و چاودێری لە خۆی ئەکات و خۆی پەروەردە ئەکات بەمە ئەڵێن خۆسازی
مرۆڤ ئەرکی خۆسازی هەیە و دەبێت دەست بە سازانی خۆی بکات چونکە تەنیا شتێک کە زۆرترین خاوەندارێتیمان لێى هەیە خۆمانین.
من خاوەنی زۆر شتێکم رەنگە زۆر شتێک بە موڵکی خۆم بزانم، بەڵام زۆر ئاساییە پێش ئەوەی لەم جێگەی خۆمەدا هەستم هەمووی نەمابێت تەنیا شتێک کە هی خۆمە و تا من هەبم هەیە خۆمم کەوابوو دەبێت خۆسازى لە خۆمانەوە دەست پێبکەین.
سازانی خۆمان لە ڕەهەند وبوعدی جیاوازەوە دەبێت رووبدات لە بوعدی نەفس و لە بوعدی ئەقڵ و لە بوعدی عەواتفەوە دەبێت پەروەردەی بکەین.
یەکێک لەو کاتانەی مرۆڤ بڕیار ئەدات خۆی تێدا پەروەردە بکات ڕەمەزانە بڕیار بە خۆی ئەدات ئەمشەو پارشێو هەستام دەمی خۆم ئەبەستم لەو شتانەی حەڵاڵە و ئەتوانم بیخۆم ،کە لە 365 ڕۆژی پێشوودا بێجگە لە 30 رۆژ لێیانم خواردووە بەڵام ئەم جارە بڕیار ئەدەم ئەم عادەتە تەرک بکەم و نەیخۆم هەروەها زۆرێک لەو شتانە موباح و دروست بووەو کردوویەتی ئێستا تا بانگی مەغریب لەخۆی حەرامیان دەکات چونکە بەم بڕیاردانە عادەتی نەکردووە ڕۆژی یەکەم لەکاتی تینوێتی دەست ئەبات بۆ ئاو ئەکەوێتە بیری بەرۆژووە، پێشی خۆی ئەگرێت یان ئەکەوێتە بیری کارەکانی جاران دەیەوێت بیانکات، چونکە بڕیاریداوە ئەمانە نەکات پێش بە خۆی ئەگرێت هەر بۆیە خۆی لەگەڵ خۆیدا ئاشنا دەبێت ئەزانێت نەفسی چەندە داواکاری جۆراوجۆری هەیەو چەندە قسەی نەگونجاوی ئەکرد بەڵام مادام ئێستا بە رۆژووە دەبێت وازیان لێبهێنێت ئەمە پێی دەڵێن خۆسازى، ئەیزانی کام تەماشا و کام گوێگرتن و کام ڕێگرتن و دەستدان دروست نەبووە ئێستا خەریکە پێشیان پێدەگرێت.
هەموومان دەزانین لابردنی هەر هەڵەیەک، پلەیەکە بۆ بەرزبوونەوە یانی پلەیەک لەخۆسازی.
مرۆڤێک ،کە بیەوێت خۆی بسازێنێت دەبێت چەندین سیفەت بە ئەندازەی کاتێک کە هەیەتى لە وجوودی خۆیدا بەدی بێنێت.
مرۆڤ دەبێت لێبوردەبێت وبتوانێت ببورێت وەکو شەو تاریکی داهات لە هەموو شتەکان دەبوورێت و هەموویان دەباتە ژێر تاریکی خۆیەوەو وەکو یەک سەیریان دەکات و بەرز و نزم ناهێڵێت بە دەرەوە.
مرۆڤ دەبێت تەوازوعی هەبێت وەکو زەوی هەموو مردووەکانی تێدا دەفن ئەکەن هەموو خراپەکارییەکان بەسەرییەوە دەکرێت هەموو باڵەخانەکانی لەسەر دروست ئەکەن هەموو چاڵەکانی تێداهەڵدەکەنرێت و گەورەی دەکەن و کانزاکانى دەردێنن هێشتاش دەنگ ناکات و وەستاوە بەسەریدا سەفەر بکەین.
مرۆڤێک بتوانێت لە ڕەمەزاندا لێبوردەیی وخاکیبوون لە خۆیدا دروست بکات خەریکی خۆسازییە.
مرۆڤ دەبێت وەکو خۆر خۆشەویستی و میهر و موحیبەت دروستبکات،کاتێک کە تیشک دا دێڵێت بۆ گوڵ و دڕک وەکو یەک دای بێڵێت وڕەحمیان پێ بکات تا بتوانێت بە بێ جیاوازی هەموویان پەروەردە بکات و تۆوی حەسادەت لابات و میهرەبانی بینێتە کایەوە.
مرۆڤ دەبێت وەکو جۆیبار و روخانە لێبوردە بێت بە سەخاوەتەوە لە هەرکوێ سەوزییەک هەیە ئاوی بۆ ببات و ئاودێری بکات و هەر تۆوێک کەوتە پاڵی سەوزی بکات بەرەو سروشتی چاکە و بەرزبوونەوە .
مرۆڤ دەبێت وەکو دەریا بێت لەگەڵ هاوسێکانیدا دەریا هەرچییەکی تێبخەیت بە بێدەنگی لەخۆیدا دەیباتە خوارەوەو چواردەوری ئەگرێت بێئەوەی لە دەریابوونی خۆی جیابێتەوە هەر دەریایەو ئەویشی تەحەمول کردووە.
ئەگەر مرۆڤێک بیەوێت خۆی بسازێنێت دەبێت پاکیی وەکو دەریا وابێت هەموو پیسییەکیشی تێ بکەیت هێشتا هەر پاکە.
ئاگاداربین لەم قسەی منە بە هەڵە تێنەگەین هەموو خراپەو ناشیرینییەک پەروەردە بکەین، پەروەردە مانای بەخۆیەوەیەتى یانی بەرەو چاکە بردن، واتە خراپەی پێ بدەیت ،دەبێت بە سۆز و لێزانی و بەزەیی بەرەو چاکە و چاککردنەوە بیبات.
ئێوە خۆتان لەجێگەى کامێرایەکی شاراوە دابنێن چ گرتەیەک بگرن لە بەرامبەرەکەتان کە دوایی نیشانی بدەنەوە خەجاڵەت دەبێت؟
هەر ئەوکاتە چاوتان دەیبینێت تازە وەک کامێرایەکی شاراوەیە بینیوتە بەڵام وەک مرۆڤێکی خۆسازو بە تەحەمول و بەخشندەیی و سەخاوەت و لێ بوردەییەوە دایپۆشەو بڵاوی مەکەرەوە ئەمە یانی خۆشەویست بوون لای بەرامبەرەکەت ئەگەر دڕکیش بێت.
بە بڵاو نەکردنەوەی گرتەکانی کامێرای چاوتان لە لای کەسی بەرامبەر خۆشەویست ئەبن ،کە خۆشەویست بوون دەتوانن پەروەردەی بکەن.
ئێمە قسەی هەموو کەسێک لە گوێ ناگرین هەتا قسەی ڕاستیش لە دوژمن، بەڵام بەهۆی خۆشەویستییەوە قسەی نەگونجاوی ئەو کەسانەی کە خۆشمان دەوێن لە گوێدەگرین.
یانی ئەگەر کەسێکتان زۆر خۆش بوێت ئێستا پێمان بڵێت بڕۆن لەبەر ئەو هەتاوە راوەستن ناڵێین بۆ! ئەڵێین بەسەرچاو.
بۆ؟ چونکە لە کاتی خۆیدا تەوازوعی هەبووە سەبرتانی لێگرتووەو ئێوەی بەخشیوەو سەخی و میهرەبان بووە بۆیە ئێستا بە قودرەتی خۆشەویستی ئەتوانێت پەروەردەتان بکات.
کەوا بوو ڕەمەزان لە پێشدا بۆ خۆسازییە خۆمان بسازێنین بەرەو بەرزبوونەوەو بەرەو پاکبوونەوە لە پاشان بەو سیفاتەنەى لە خۆماندا دروستی دەکەین توانای سازینی منداڵەکانمان و چوار دەور بە دەست بێنین.
چونکە کەسێک لە ماڵی خۆیدا نەتوانێت سازەندەگی دەستپێبکات زۆر زەحمەتە بڕوات لە ماڵی خەڵکدا سازندەگی دەست پێ بکات.
" مرۆڤ ئەرکی خۆسازی هەیە و دەبێت دەست بە سازانی خۆی بکات چونکە تەنیا شتێک کە زۆرترین خاوەندارێتیمان لێى هەیە خۆمانین .
من خاوەنی زۆر شتێکم رەنگە زۆر شتێک بە موڵکی خۆم بزانم، بەڵام زۆر ئاساییە پێش ئەوەی لەم جێگەی خۆمەدا هەستم هەمووی نەمابێت تەنیا شتێک کە هی خۆمە و تا من هەبم هەیە خۆمم کەوابوو دەبێت خۆسازى لە خۆمانەوە دەست پێبکەین."